هانا: هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا ئاگاداریان کردین لە گەرماوگەرمی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵکی شارەکانی ئێران بە گرانی و باری خراپی بەڕێچوون، شارۆمەندێک بە ناوی “سەعید ئەحمەدی” خەڵکی “یارستانی” لە ناوچەی “کۆزەران” سەر بە پارێزگای کرماشان پۆستێکی لە ئینستاگرامەکەی لە راستای رەخنە لە حکومەت و ناڕەزایەتی بە گرانی بڵاوکردووەتەوە و دوابەدوای ئەمە ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەت دەستبەسەریان کردووە و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستۆتەوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، رەخنەی ناوبراو لە شێوەی بەڕێوەبەرایەتی وڵات و دۆخی نالەباری ئابووری و گرانی و باری خراپی بەڕێچوون بووە و دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت گرتوویانە، رەخنە و نووسراوەکەی سڕاوەتەوە.
جێگای ئاماژەیە، ئازادی بەیان و دەربڕینی ئازدانەی بیروڕا لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و دەستبەسەرکرانی ئەم شارۆمەندە لەلایەن ناوەندە ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتەوە پێشێل کردنی ئاشکرای جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤە.
