کرێکارانی پیترۆشیمی ئیلام بە راخستنی سفرەی خاڵی لە بەرامبەر بینای پارێزگاری، خوازیاری پێڕاگەیشتن بە داواکارییەکانیان بوون.
رۆژی دووشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – ٢٢ی مارسی ٢٠٢١، کۆمەڵێک لە کرێکارانی پیترۆشیمی ئیلام، لە بەر بینای پارێزگاری کۆبوونەوە و سفرەیەکی خاڵییان بە نیشانەی ناڕەزایەتی راخست. ئەو کرێکارانە ماوەی ساڵێکە لە بەردەم ناوەندە پێوەندیدارەکان بە نیشانەی دژایەتی بە کەمتەرخەمی و گوێنەدانی بەرپرسان بە داواکارییەکانیان کۆدەبنەوە ناڕەزایەتی دەربڕن.
جێی ئاماژەیە لە کاتێکدا کرێکارانی ئیلام و شارەکانی ئەم پارێزگایە لە سەر کار دەردەکرێن کە کرێکارانی خەڵکی شوێنەکانی تری ئێران لە ناوەندە سەنعەتییەکانی ئەم پارێزگایە بەردەوام خەریکی کارن.
ئیلام و کرماشان زۆرترین نەوت و گازی ئێرانیان هەیە بەڵام بەداخەوە شارۆمەندانی ئەم دوو پارێزگایە بیکار و کاسپین کە ئەمەش بەرهەمی ناکارامەیی و بێ کیفایەتی بەرپرسان و لە راستیشدا بە چاوی ئەمنییەتییەوە لە کوردستان دەڕوانن.