هانا: رۆژی دووشەممە ٨ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٣٠ ئاگۆستی ٢٠٢١)، ژمارەیەک لە فەرمانبەرانی “شەریکەی جیهادی نەسر” بۆ ناڕەزایەتی بە نەدانی هەقدەستی ١٣ مانگی رابردوویان، دەستیان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێخستووە.
ئەم فەرمانبەرانە وێڕای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی، بە راخستنی سفرەی خاڵی، باری نالەباری ئابووری خۆیان نواند و ناڕەزایەتی خۆیان بە دۆخی زاڵ بە ڕای گشتی و بەرپرسان نیشان دا. شایانی باسە ئەو کۆبوونەوە ناڕەزایەتییە بەرامبەر بینای پارێزگاری کرماشان بەڕێوەچووە.
لێرەدا جێگای خۆیەتی بەندی ٢٣ و خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش واژۆی کردوە، وەبیر هەموان بینینەوە.
بەندی ٢٣:
خاڵی یەکەم: هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە کار بکا، کاری خۆی ئازادانە هەڵبژێرێ، خوازیاری هەلومەرجێکی دادپەروەرانە و جێگای رەزامەندی خۆی بۆ کار کردن بێ و لە بەرامبەر بێکاریشدا پشتیوانی لێ بکرێ.
خاڵی دوویەم: هەمووان مافی ئەوەیان هەیە بە بێ هەر جۆرە جیاوازی و هەڵاواردنێک، لە بەرامبەر کاری یەکساندا هەقدەستی یەکسان وەرگرن.
خاڵی سێیەم: هەر کەسێک کار دەکا مافی خۆیەتی هەقدەستێکی گونجاوی لە بەرامبەردا وەرگرێ کە کەڕامەتی ئینسانییەکەی بپارێزێ و جێگای رەزامەندی خۆی بێ و ژیان و بەڕێچوونی خۆی و بنەماڵەکەی دابین بکا و ئەگەریش پێویست بکا (واتە بەشی نەکردن) بە باقی شێوەکانی مافی کۆمەڵایەتی بۆی قەرەبوو بکرێتەوە.
خاڵی چوارەم: هەر کەسێک مافی خۆیەتی بۆ پاراستنی مافەکانی سەندیکا دامەزرێنێ یا ببێتە ئەندامی سەندیکای دیکە.
بەندی ٢٥
خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خۆراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ.