کوژران و بریندار بوونی چوار کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان 

هانا: رۆژی شەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (١٧ی ئاوریلی ٢٠٢١)، چوار کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی کوردستان کوژران و بریندار بوون. 

بە پێی ئەو راپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتوون ٢ کۆڵبەری خەڵکی چاڵدێران لە کاتی کۆڵبەریدا لەلایەن هێز چەکدارەکانی حکومەتی تورکیەوە دەستبەسەر کران و لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیەوە کەوتوونە بەر ئەشکەنجە و ئازاری زۆرەوە. 
لە ئاکامی ئەم ئەشکەنجە و ئازارە زۆرەی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی تورکیە بەداخەوە یەکێک لە کۆڵبەرەکان بە ناوی "حەسەن کەچەڵانلوو" تەمەن ٣٥ ساڵ گیانی لەدەستداوە. جێی ئاماژەیە ناوبراو خێزاندارە و باوکی ٣ منداڵە. 
هەروەها کۆڵبەرێکی دیکە بە ناسنامەی "بەهرام سەمەدی" بە خەستی ئەشکەنجە دراوە بەڵام توانیوێتی لە چنگ چەکدارەکانی حکومەتی تورکیە رابکا و خۆی رزگار بکا. هەڵبەت دواتر ناوبراویان بۆ وەرگرتنی چارەسەر پزیشکی گەیاندووەتە ناوەندە دەرمانی و تەندروستییەکانی چاڵدێران و لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە. 

لە درێژەی راپۆرتەکاندا هاتووە، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی راوەدوونانی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە سەر سنووری بانە لە بەرزایی چیاکانەوە هەڵدێردراوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە لاوە "هیوا قادری" خەڵکی سەردەشت راگەیەندراوە. 

هەروەها لە راپۆرتێکی تردا هاتووە، کۆڵبەرێکی دیکەش لە سنوورەکانی سەردەشت بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار بووە. ناسنامەی ئەم کۆڵبەرەش "حاجی مینە عالی" خەڵکی ئاوایی "دۆڵەتوو" لە ناوچەی سەردەشت راگەیەندراوە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و ئاکامی گوشارە ئابوورییەکان و نەداری و هەژاری خەڵکی کوردستانە. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە وڵاتی ئێرانیش بە هۆی واژۆ کردنی ناچارە بە رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

RELATED ARTICLES

Most Popular