هانا: رۆژی یەکشەممە ٢١ی سەرماوەزی ١٤٠٠ – (١٢ی دیسەمبری ٢٠٢١)، چوار کاسبکار بە هۆی راوەدوونان و تەقەی هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە هەڵدێری چیاکان بەربوونەوە و لە ئاکامدا شارۆمەندێک گیانی لەدەستدا و ٣ کەسیش بریندار بوون.
بەپێی ئەم راپۆرتە، هێزە چەکدارەکانی سپای پاسدارانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە بەرزاییەکانی سنووری "زەویان" لە کوێستانی قەندیل دەسڕێژیان لە ژمارەیەک لە کاسبکاران کردووە و ئەو شارۆمەندانەش ناچار بوون رێگای خۆیان بگۆڕن و لە هەڵدێری چیاکانەوە و دەرباز بن کە بووەتە هۆی بەربوونەوەی ٤ کەس لەو کاسبکارانە.
لە ئاکامی ئەم رووداوەدا کاسبکارێک بە ناوی "قادر باز" گیانی لەدەستداوە و ٣ کاسبکاری دیکەش بریندار بوون کە تەنیا ناسنامەی دوو کەسیان تا گەیشتنی ئەم راپۆرتە ئاشکرا بووە و ناویان بەم جۆرەیە: "عەلی کۆسە" و "حسێن شیوەمەڕ".
شایانی باسە بە یارمەتی خەڵکی ئاواییەکانی ناوچەکە و گروپی شاخەوانی "هەڵگورد" تەرمی "قادر باز" و بریندارەکان دۆزرانەوە و رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
