کوژران و بریندار بوونی ٣ کۆڵبەر لە لایەن هێزەکانی ئێران و تورکیەوە 

سێ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی “قوتور”، نەوسوود و کەندە سوور” کوژران و بریاندار بوون. 

بە پێی ئەو هەواڵانەی لە لایەن "کوردپا" بڵاوبوونەوە، شەوی هەینی ٢٢ی رەشەمەی ٩٩ – ١٢ی مارسی ٢١ کۆڵبەرێک لە ژێر ئەشکەنجە و ئازار و لێدانی هێزەکانی تورکیە گیانی لە دەستدا. 
ناسنامەی ئەم کۆڵبەرە "بورهان سلێمانی" کوڕی تەییب، تەمەن ٣٠ ساڵان و خەڵکی گوندی گیوران لە ناوچەی قوتور راگەیەندراوە. ناوبراو خێزاندار و باوکی دوو منداڵە. 
بورهان سلێمانی دوای ئەوەی لە لایەن هێزەکانی تورکیەوە دەسبەسەر کراوە، لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی زۆردا گیانی لە دەستداوە. 

لە راپۆرتێکی تردا کە بۆ هانا هاتووە، رۆژی چوارشەممە ٢٠ی رەشەمەی ٩٩ – ١٠ی مارسی ٢١، کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری نەوسوود و لە لایەن هەنگی سەر سنوورەوە تەقەی لێکراوە و بریندار بووە. 
ناسنامەی ئەو کۆڵبەرە "سۆهراب یۆسفی" تەمەن ٣٠ ساڵ و خەڵکی سەلاسی‌باوەجانی راگەیەندراوە. 

هەروەها ئەمڕۆ شەممە ٢٣ی رەشەمەی ٩٩ – ١٣ی مارسی ٢١، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی بانە بە ناسنامەی "سۆران رەشیدپوور" لە سەر سنووری بانە "کەندە سوور" بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سەر سنووری ئێران بریندار بووە. ناوبراو رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان کراوە. 
 

 

RELATED ARTICLES

Most Popular