کوژرانی لاوێک بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پۆلیس لە کرماشان

هانا : ڕۆژی سێشەممە “١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٣” شارۆمەندێک بە ناوی “میهرشاد ئەڵماسی” تەمەن ٢٠ ساڵ کوڕی تورەج و خەڵکی ئاوایی “مەحمودئاوا” و دانیشتووی گەڕەکی ئاناهیتای کرماشان ، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پۆلیس کوژراوە .

بە پێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەستمان گەیشتوون ؛ میهرشاد ئەڵماسی بە ماتۆڕ لە نزیک میدانی تاقوەسان بووە کە پۆلیس دوایکەوتووە و ئەویش لە ترسی دەستبەسەردا گرتنی ماتۆڕەکەی لە لایەن گەشتی پۆلیسەوە هەڵاتووە و لە ئەنجامدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی ئەم هێزانە کوژراوە .

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە ، لە ڕۆژانی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان لە ڕێگای پەیوەندی تەلەفۆنیەوە هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەم شارۆمەندە کردووە کە نابێت میدیاکان و خەڵک لەم ڕووداوە و کوژرانی کوڕەکەیان ئاگادار بکەنەوە و بۆیان نیە لێدوانی لە سەر بدەن .

ڕۆژی پێنج شەممە ١٩ی ڕەزبەری ١٤٠٣ تەرمی میهرشاد ئەڵماسی لە پزیشکی دادوەری کرماشان تەسلیمی بنەماڵەکەی کرا و لە شوێنی لە دایکبوونەکەی ئاوایی "مەحمودئاوا"ی سەر بە ناوچەی میاندەربەند بە خاک سپێردرا .

RELATED ARTICLES

Most Popular