کوژرانی دوو شارۆمەندی ژن لە ئیلام و کرماشان 

هانا: رۆژی هەینی ٢٩ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (١٨ی فێبرواری ٢٠٢٢)، شارۆمەندێکی ژن بە ناوی “تاهیرە شەفیعی” تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “زەردەڵان” لە ناوچەکی “هەلیلان”، لەلایەن باوکی هاوسەرەکەیەوە کوژراوە. 

بەپێی ئەم راپۆرتە "تاهیرە شەفیعی" بە هۆی گرفتی بنەماڵە لەلایەن باوکی هاوسەرەکەیەوە بە ناوی "خوسرەو زەفەری" تەمەن ٥٢ ساڵ کوژراوە و پاش کوشتنی بووکەکەی، تەقەی لەخۆی کردووە و کۆتایی بە ژیانی خۆیشی هێناوە.

هەروەها لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە لە رووداوێکی تردا، شارۆمەندێکی دیکە بە ناوی "فاتمە سامەتی" خەڵکی کرماشان لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژراوە. 

جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەمە بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن و دەستیان بۆ کاری توندوتیژی ئاواڵە دەکا. هەروەوها هیچ بەرنامەیەک بۆ پەروەردەیەکی ئینسانی و پێشکەوتوو بۆ کۆمەڵگا و نەوەکانی داهاتوو لە ئارادا نییە و ئەم کولتوور و پەروەردە سەقەتەی کۆمەڵ بۆ دژایەتی ژنان بە بەردەوامی و پشتاوپشت دەپارێزرێ و پەرەدەستێنێ. 
ئێمە رۆژ نییە لە زمانی دەسەڵاتدار و ئاخوندەکانەوە پڕوپاگەندەی دژ بە ژنان نەبیستین، رۆژ نییە لە شەقامی شارەکانی ئێران لەلایەن هێزەکانی ئینتزامی، بەسیج و "لیباس شەخسی" ژنان نەدرێنە بەر ئەشکەنجە و ئازار و سووکایەتی. رۆژ نییە لە دامودەزگای راگەیاندنی حکومەتی ئێرانەوە مێشکی خەڵک بە تەبلیغات دژی ژنان نەئاخنن. ئەمانە و گەلێک بەندی یاسایی پاڵنەر و سەرچاوەی سەرەکی ئەم توندوتیژییانەن کە رۆژانە دژی ژنان لە کۆمەڵگای ئێران ئێران بەڕێوەدەچێ. 
ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە. هەروەها ئەمنییەت و ئاسایشی شارۆمەندان دەکەوێتە ئەستۆی دەوڵەت و دەسەڵات و بەڕێوەبەرانی وڵات. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular