کوشتنی کۆڵبەرێک لەلاین هێزە چەکدارەکانی تورکیەوە 

هانا: رۆژی دووشەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٢١ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد خەڵکی ماکۆ بە ناوی “عەزیز محەممەدزادە” دانیشتووی گوندی “قزڵ ئەرخ” لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیەوە کوژرا. 

ناوبراو لە کاتی کۆڵبەریدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی تورکیە و پێکرا و لە ئاکامدا گیانی لەدەستدا. ئێستا تەرمی ئەم شارۆمەندە کوردە لە تورکیە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری "وان"ە. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
ئەو کۆڵبەرانە سەرەڕای مەترسی تەقینەوە مین، سەرماوسۆڵ و هەرەسی ڕنوو، بە بیانووی هەڵگرتنی کاڵای قاچاخ لەلایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە هەروەها لەولاشەوە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیە و عێڕاقەوە تەقەیان لێ دەکرێ و دەکوژرێن یا بریندار دەبن یان دەیانگرن و ئەشکەنجە و ئازاریان دەدەن. 
ئەم بارودۆخەی خەڵکی کوردستانی تێدایە، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن دەسەڵاتدارانی وڵاتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular