کوشتنی موختار فەتحی بە تۆمەتی نووسینی دروشم دژی حکومەت

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هاوکارانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ڕۆژی شەممە”٢٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، هێزەکانی بنکەی پۆلیسی ١١ لە گەڕەکی بەهارستانی شاری سەقز بە تەقەی ڕاستەوخۆ لە دووری دوو مەترەوە هاووڵاتییەکیان بە ناوی موختار فەتحی کووشت.

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، موختار فەتحی لەگەڵ دوو کەسی دیکە بە تۆمەتی نووسینی دروشم دەستگیر کراون، لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا، هێزە سەربازییەکان لە دووری دوو مەترەوە تەقەیان لە قوڕگی موختار فەتحی کردووە.

هەرچەندە هۆکاری تەقەکردنی هێزە ئەمنییەکان کۆماری ئیسلامی لەم گەنجە تەنیا بۆ نووسینی دروشم بووە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، بەڵام هەر دوای کوشتنی موختار فەتحی، هێزە نیزامی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ڕایانگەیاند کە هەڵەیەک هەبووە لە ناسینەوە و کوشتنی، و  هەروەها هەڕەشەیان کردووە بنەماڵەی ئەم هاووڵاتییە کە نابێت ئاگاداری مردنەکەی بکەنەوە.

موختار فەتحی تەمەن ٣٢ ساڵ، دانیشتووی ئاوای دەرەویان سەر بە ناحیەی زیویەی سەقز و دانیشتووی شاری سەقز بوو، خێزاندار بووە و هاوسەرەکەی دووگیان بووە.

RELATED ARTICLES

Most Popular