هانا: رۆژی هەینی ٨ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٢٨ی ژانوییەی ٢٠٢٢)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “محەممەد ئەحمەدی مەتین” تەمەن ٢٠ ساڵ و خەڵکی کرماشان بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئینتزامییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوبراو لەگەڵ دایکی لە کاتێکدا لە رێوڕەسمی بە خاک سپاردنی خزمێکیان دەگەڕانەوە لە ترافیکی مەیدانی "شەهیدان"ی کرماشان لەگەڵ مەئموورانی هێزی ئینتزامی دمەقاڵەیەکیان دەبێ و مەئموورەکانیش بە شوێن ماشێنی "محەممەد ئەحمەدی مەتین"دا تا ماڵەکەیان لە گەڕەکی "سجادییە" دەڕۆن و و دوای وەستان دیسان یەخەی دەگرنەوە و دەستدەکەنەوە بە دمەقاڵە و سووکایەتی بەم لاوە کوردە و دواتر دوو گوللـە بە سەر و سنگییەوە دەنێن و لە ئاکامی تەقەی ئەو مەئموورانەدا ئەم شارۆمەندە لاوە هەر لەوێ لە بەر چاوی دایکی گیانی لەدەستدەدا.