هانا: سەرلەبەیانی رۆژی سێشەممە ٢١ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١١ی مەی ٢٠٢١)، چوار کرێکار لە پارێزگای کرماشان تووشی رووداوی کار بوون.
ئەم رووداوە لە ناوچەی "دینەوەر" لە شاری "سەهنە" هاتووەتە ئاراوە و بەداخەوە ٣ کەس لەو ٤ کرێکارە بە هۆی کەمبوونی ئۆکسیژنەوە لە قوڵایی چاڵێکدا گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیشیان رزگاری بووە.
رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە زانیاری وردتری لە سەر ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە بۆ نەهاتووە.
پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکار لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.
