کرماشان: کوژرانی لاوێکی کورد 

بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، رۆژی هەینی ٣٠ی رەزبەری ١٤٠٠ – (٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، لاوێکی خەڵکی ئاوایی “چیاکەو” لە ناوچەی کرماشان لەلایەن کەسێکی ترەوە کوژراوە. 

ناسنامەی ئەم لاوە کوردە "نیکزاد ئاقایی" راگەیەندراوە و لە کێشە و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ کەسێکی تر بە چەک تەقەی لێ کراوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە. بەپێی ئەم راپۆرتە تاوانبارەکەش بریندارە و لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی کرماشان لە ژێر چاوەدێری پزیشکیدایە. 

کێشەی ئابوور، بێکاری، هەژاری و بڵاوبوونەوەی لە رادەبەدەری مادە سڕکەرەکان لە کۆمەڵدا و گەلێک گرفتی تر، بووەتە مایەی پەرەسەندنی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و چوونە سەری تاوان و توندوتیژی و نائەمن بوونی ژیانی بنەماڵەکان و کۆمەڵ. جگە لەوانە زۆر بوونی کێشەی دەروونی کارێکی کردووە کۆمەڵ توورە و کەم تاقەت و بێ ئۆقرە بار بێ و خەڵک لە کۆمەڵی ئێران کەمتر هەست بە ئاسوودەیی، ئارامی و ئۆقرەیی دەکەن و هەستی لێبوردنیش کەمتر بووەتەوە. 
کۆمەڵێکی دوور لە توندوتیژی و ژیان لە کەشێکی دوور لە ترس و سام، بەهرەمەند بوون لە ئارامی، ئەمنییەت و ئاسایش مافی سروشتی و سەرەتایی هەر مرۆڤێکە لە کۆمەڵدا. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular