بەپێی ئەو هەواڵانەی هاوکارانی هانا ناردوویانە، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٦ی ژوئەنی ٢٠٢١)، بە هۆی تەقەی پیاوێک لە هاوسەرە پێشووەکەی خۆی و خوشکەکەی هەر دووکیان گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئەم هەواڵە، ئەو پیاوە بە هۆی کێشەی بنەماڵەوە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم دوو ژنە لە گەڕەکی "گوڵستان"ی کرماشان و هەرکیانی کوشتووە. شایانی باسە بکوژەکە ئێستا دەستبەسەر کراوە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە ناسنامەی ئەم دوو شارۆمەندەی بوونە قوربانی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤ هانا روون نییە.
جێگای خۆیەتی لیرەدا ئاماژە بەم راستیەی بکەین ژنانی ئێران بە پێی یاساکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە گەلێک مافی ئینسانی بێبەشن و یاسا بە شێوەی یەکسان و بەرابەر پشتگیری لە ژنان ناکا. سیستەمێکی تەواو پیاوسالار بە سەر کۆمەڵگای ئێراندا زاڵە و جگە لە دواکەتوویی فەرهەنگی و کولتووری گەلێک بەندی یاسایی هەن کە پاڵنەر و هاندەرن لە کۆمەڵگادا بۆ ئەوەی پیاوان لەگەڵ هاوسەر، کچ یان بە گشتی لەگەڵ ژنان بە ئارەزووی خۆیان هەڵسووکەوت بکەن. ئەمە لە حاڵێکدایە بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە، هەموو ئینسانێک چ ژن و چ پیاو مافی بەرابەر و یەکسانیان لە هەموو بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگادا هەیە.