کرماشان: ٣ کرێکار لە بەرامبەر ئیدارەی رێگاوبان و شارسازی ئاگریان لە جەستیان بەردا 

هانا: رۆژی سێشەممە ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (٨ی ژوئەنی ٢٠٢١)، سێ کرێکاری کورد لە بەرامبەر ئیدارەی رێگاوبان و شارسازی لە کرماشان ئاگریان لە خۆیان بەردا. 

بەپێی ئەم راپۆرتانەی هاتوون، ئەم سێ شارۆمەندە کوردە مووچە و هەقدەستی چەند مانگی رابردوویان لەلایەن پەیمانکارانی ئیدارەی رێگاوبان و شارسازییەوە پێ نەدراوە و هەر ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی ئەوان بە نیشانەی ناڕەزایەتی ئاگر لە جەستەی خۆیان بەردەن. 
شایانی باسە ئەم سێ کرێکارە لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی فریاگوزارییەوە رزگاریان بووە و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گوازراونەتەوە. 
تا ئێستا ناسنامەی ئەم سێ شارۆمەندە کوردە بۆ رێخکراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە. 

دابین کردنی کار و رەخساندنی هەلی کار بۆ شارۆمەندان ئەرکی سەر شانی حکومەت و دەزگا پێوەندیدارەکانە. لە هەلومەرجێکێدا کە ناوەندەکانی بەرهەمهێنان نەتوانن هەقدەست و مووچەی کرێکاران و کارمەندان بدەن ئەوە حکومەت ئەرکی قەرەبوو کردنەوەی دەکەوێتە ئەستۆ. رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێگای جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤەوە ئەم ئەرکە دەخاتە سەر شانی حکومەتی وڵاتەکان بۆ بەڕێوەبردنی. 
خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خۆراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular