هانا: لە رۆژانی رابردوودا کچێکی لاوی کورد و خوێندکاری زانستگە و خەڵکی کرماشان لەلایەن دادگای شۆڕشی “تاران”ەوە سزای ساڵێک و ٦ مانگ زیندان و دانی ٣ میلیۆن تمەنی بەسەردا سەپا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "غەزەل مەعسوومشاهی" خەڵکی کرماشان راگەیەندراوە.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون سزای بەندکردنی "غەزەل مەعسوومشاهی" بۆ ماوەی چوار ساڵ بە شێوەی هەڵواسراو دەبێ و بە پێی ئەم حوکمەی دادگا ناوبراو دەبێ لە ماوەی ئەم ٤ ساڵەدا پێنج جار سەردانی بەشی "شەهیدانی داکۆکاری حەرەم" لە قەبرستانی "بەهەشتی زەهرا"ی تاران بکات و ئامادە بێ. هەروەها پێیان راگەیاندووە بۆ چوونەدەر لە خاکی ئێران دەبێ ئیجازە لە بەرپرسانی قەزایی و داد وەرگرێ.
غەزەل مەعسوومشاهی لەلایەن سپای پاسدارانەوە تۆمەتی ئەوەی دراوەتە پاڵی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لەوانە لە تویتێر "درۆ و دەلەسەی سەبارەت بە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی ئۆکڕاین بڵاوکردۆتەوە" و ئەم حوکمەش لەلایەن دادگای شۆڕشی تارانەوە بە پێی شکایەتی سپای پاسداران بە سەر ئەم خوێندکارە کوردەدا سەپاوە.
مرۆڤ بە ئازادی لە دایکە دەبێ و حکومەت و بەڕێوەبەرانی وڵات دەبێ مەجالی ئازاد ژیانی بۆ بڕەخسێنن تاکوو ئازادانە رای خۆی دەربڕێ و گەشە بە بیر و بۆچوونی بدا کە مافی خۆیەتی. ئازادی بەیان و دەربڕینی بیروڕا لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤدا بە ڕوون و ئاشکرا هاتووە و وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. پێشێل کردنی مافی تاکەکان لە کۆمەڵگای ئێراندا لەلایەن حکومەت و دەزگای داد و بەڕێوەبەرانی یاساوە، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و بایەخ نەدان بە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە.