هانا: مەئموورانی شارەوانی کرماشان رێگری لە دەسفرۆشانی کرماشان دەکەن.
رۆژی پێنجشەممە ٢١ی رەشەمەی ١٣٩٩ – ١١ی مارسی ٢٠٢١، مەئمورانی ناسراو بە "سەدی مەعبەر"ی شارەوانی کرماشان بوونە رێگر لە سەر کاروکاسبی دەسفرۆشان لە ئاستی شاردا. بە پێی راپۆرتی هاوکارانی هانا لە کرماشانەوە، مەئموورانی شارەوانی کرماشان لە چەند گەڕەکی شار رژاونەتە سەر دەسفرۆش و کاسبکاران و پێشیان بە کار و کەسابەتیان گرتوون.
شایانی باسە هەر ماوەی جارێک مەئموورانی شارەوانی کرماشان لە گەڕەکە جۆراوجۆرەکانی شار دەڕژێنە سەر دەسفرۆشان و بەر بە کار و کاسبی ئەوان دەگرن. ئەمە لە حاڵێکدایە بەشێکی بەرچاو لە خەڵکی شارەکانی کوردستان بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیان هیچ شوێنێک بۆ کار وەک کارگە و کارخانە شک نابەن و لەگەڵ گرفتی بێکاری بەرەوروون. ئەو بڕە کارگە و کارخانەیەی کە پێشتریش بوون ئێستا زۆربەی هەرە زۆریان مایەپووچ بوون و کرێکارانیش هیچ بیمەیەکی بێکاری وەرناگرن و لە ئاکامدا ئەوانیش بە ناچاری روویان کردۆتە دەسفرۆشی. بە گشتی رێگا چارەیەک بۆ خەڵکی بێکار و بێ داهات نەماوە جگە لەو جۆرە کارانەی وەک دەسفرۆشی.