هانا: دوابەدوای ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی خەڵک لە گەڕەکی “دەڕە درێژ”ی کرماشان، ٤ شارۆمەندی کورد بە تۆمەتی بەشداری لەم ناڕەزایەتییە دەستبەسەر کراون.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە دەستبەسەرکراوانە بەم جۆرەیە:
١. ئەفشین حەمدەوی
٢. پەرهام نادری
٣. عیرفان نادری
٤. پویا نادری
دەستبەسەر کردنی ئەم ٤ شارۆمەندە کوردە بە بێ هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی بەڕیوەچووە و تا کاتی ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هیچ هەواڵێک لە چارەنووس و شوێنی دەستبەسەر کردنیان نییە.
شایانی باسە جگە لە دەستبەسەر و سەرکوتی ناڕازییان، گرتەی ڤیدیۆ لەم خۆپیشاندان و نارەزایەتییە هاتووە و ئەم راستییە دەردەخا هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران تەقە لە خەڵکی ناڕازی دەکەن.
لە پێوەند لەگەڵ ئەم راپۆرتەدا پێویستە ئاماژە بە بەندەکانی ٣، ٩، ١٩ و ٢٠ جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بکەین:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
بەندی ٢٠- هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە ئەنجومەن و کۆڕ ۆ کۆبوونەوە و رێکخراو و کۆمەڵەی ئاشتیخوازانە پێکبێنێ.
