کرماشان: بڕینەوەی ٨ ساڵ زیندان بۆ یەکێک لە ناڕازییانی بەفرانباری ١٣٩٨ 

هانا: بە پێی ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەوە، “جەلال نامداری” خەڵکی کرماشان بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ١٣٩٨، لەلایەن دەزگای داد و قەزایی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە ٨ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سپاوە. 

ئەم بڕیارە لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە دەرکراوە. بە تۆمەتی "هەوڵ بۆ تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" لە رێگای هاوکاری لەگەڵ رێکخراوە ئۆپۆزیسیۆنەکان ٥ ساڵی بەندکردنی بەسەردا سپاوە و ٣ ساڵی دیکەش بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار لە کرماشان و "کۆکردنەوە و هاندانی خەڵک" و لە سەریەک ٨ ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە. 

خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ١٣٩٨ کە لە زۆربەی شارەکانی ئێران بەڕێوەچوو، بۆ ناڕەزایەتی بە سیستەمی دەسەڵاتدارێتی و دۆخی نالەباری ژیان و بەڕێچوونی خەڵک بوو  و هەزاران کەس لەلایەن هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە کوژران و دەسبەسەر کران.   

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی لە هەر وڵاتێک و بەشداری حزب و رێکخراوە سیاسیەکان لە سەرەتاییترین مافەکانی شارۆمەندانی ئەو وڵاتەیە و بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ وەک تاوان چاوی لێ ناکرێ. بەڵام هەر بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ بەرگرتن و سەرکوتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خەڵک پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە کە لە ئیران لەلایەن حکومەتەوە رۆژانە و بەردەوام بەڕێوەدەچێ و وەک هەواڵێکی ئاسایی راگەیاندنەکانی لێهاتووە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular