هانا: بە پێی ئەو زانیاریانەی هاتوون رۆژی چوارشەممە ٢٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – (١٤ی ئاوریلی ٢٠٢١)، هێزە تایبەتەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لەگەڵ خەڵکی ئاوایی “دییە کەو” لە ناوچەی “فەرامان”ی کرماشان تێکهەڵچوون.
هۆکاری ئەم تێکهەڵچوونە بەرگری و بەرەنگاریی خەڵک لە بەرامبەر داگیرکردن و لەناوبردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان راگەیەندراوە.
لەم راپۆرتەدا هاتووە، دانیشتوانی ئاوایی "دییە کەو" پتر لە هەزار کەسن و سەرچاوەی بژیوی ژیانیان کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییە. بەڵام پلانی دەوڵەت بۆ بە کانزا و کان کردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو ناوچەیە و دەرهێنانی کانە بەردەکان، زەوییەکان لەناودەبا و لە ئاکامدا داهات و بژیوی ژیانی دانیشتوانی گوندی "دییە کەو" لەتمەی وێدەکەوێ و تووشی زەرەر و زیانیان دەکا. هەر لەبەر ئەمە خەڵکی گوندی ناوبراو کۆڵیان نەداوە و بەرەوڕووی پلانی حکومەت و هێزە تایبەتەکان بوونەوە و تا ئێستا ئیجازەی بەرێوەبردنی پلانەکەیان نەداون.
بە پێی ئەو بەڵگانەی بۆمان هاتوون و بە وتەی شاهیدانیش لەبەر کۆڵنەدان و بەرەنگاریی خەڵک، هێزە تایبەتەکانی حکومەت لەگەڵ خەڵک تێکهەڵچوون و ژمارەیەک بریندار بوون.
شایانی باسە، لەم ساڵانەی دواییدا تێکدان و خراپ کردنی زەوی و زارەکان و دەرهێنانی رەمەکی کان و کانزاکان لە کوردستان، زیانی زۆر جیدی لە ژینگەی ئەم هەرێمە داوە و لەلایەکی دیکەوە زیانی لە کار و داهاتی خەڵکی کوردستان داوە.