هانا: بە پێی ئەو راپۆرتانەی لە کرماشانەوە گەیشتوون، ئیدارەی تەندروستی هەڕەشەی گرتن و زیندانی کردن و دەستبەسەرداگرتنی گۆشتی زیاتر لە ٥٠ قەسابی ئەم شارەی کردووە.
لەم راپۆرتەدا هاتووە، ئەو بازاڕیانە پێشتر لەلایەن شارەوانی کرماشانەوە ئیجازەی کاریان وەرگرتووە بەڵام ئێستا مەترسی لەدەستدانی کارەکەیان و هەڕەشەی بەندکردنیان لە سەرە.
بە پێی زانیارییەکانی مافی مرۆڤی "هانا" ئەم قەسابانە سەڕەڕای ئەوەیکە شارەوانی ئیجازەی کاری پێداون ماڵیات و زەکاتی پێویستیشیان داوە بەڵام ئێستا بە بیانووی ناتەندروست بوونەوە لەباتی دیتنەوەی رێگە چارە و چاودێری کردنی بەڕێوجێ، ئەو هەڕەشانەیان لێ کردوون.
وڵاتی ئێران لە بواری ئەمنییەتی کار و شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهاندا لە پلەی ١٠٢ دایە و بە کردەوە ئەمنییەتی کار لەم وڵاتە وەک شتێکی غەریبی لێ هاتووە و تەنانەت لە بڕێک شوێن هەر وجوودی نییە. لە پەنا ئەم بارودۆخەوە دیدی ئەمنییەتی و بێکار کردنی بە ئەنقەستی کوردەواری بەرهەمی سیاسەتی ئەمنییەتی و سیاسەتی هەڵاواردنی کوردستان و ئابووری هەڵەیە کە لە ئاست کوردستان ڕەچاو کراوە.