هانا: رۆژی دووشەممە ٢ی خاکەلێوەی ١٤٠٠ – ٢٢ی مارسی ٢٠٢١، ژنێکی ٤٠ ساڵان لە ناوچەی سۆمار سەر بە قەسریشیرین بە هۆی تەقینەوەی مین بریندار بوو.
ئەم شارۆمەندە بۆ چارەسەرکردنی رەوانەی یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی قەسریشیرین کراوە.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین مینی لێ چێنراوە. شیمانەی ئەوە دەکرێ نزیکەی ١٦ میلیۆن مینی چێنراوە لە ئێران هەیە. محەممەد حسێن میرئەحمەدی بەرپرسی ناوەندی مین هەڵگرتنەوە وتوویە، لە ئێران دوای جەنگی ئێران و عێڕاق لە پێنج پارێزگای ورمێ، سنە، کرماشان، ئیلام و خوزستان ٤٢هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە زەمینی مینڕێژ کراوە نزیکەی ٧٠٠ کیلۆمیتری چوارگۆشە هێشتاش هەڵنەگیراوەتەوە.
هەموو مینەکانی ئێران لە ئاکامی ئەو جەنگەوە نەچێنراون، ئێران بە بەردەوامی بۆ پارێزگاری لە سنوورەکانی دەست دەداتە مینڕێژ کردنی ئەو سنوورانە.
بە وتەی ناوبراو "حکومەتی ئێران ئەو مینانەی لە دەیەی ٦٠دا و لە کاتی شەڕ لەگەڵ هێزە کوردییەکان لە دەوری پایەگا سەربازییەکانیان چاندووە و دوای تەواو بوونی ئەو تێکهەڵچوونانە، پایەگاکان چۆڵ کراون بەڵام مێنەکان هەڵنەگیراونەوە. سێڵاو و بارانی بە خوڕ مینەکان لە جێی خۆیان هەڵدەکەنێ و لەگەڵ خۆی دەیانبا. هەر لە بەر ئەمە جاری وایە لە شوێنی دوور لە سنوورەکان مین دەتەقێتەوە وەک رووداوی منداڵانی ئاوایی "نشکاش" کە نزیکەی ٤٥ کیلۆمیتر لە سنوور دوورە".
بە بەراوردی کەمپەینی نێونەتەوەیی قەدەغە کردنی مین، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٦ نزیکەی ٢٨٠٠ کەس بە تەقینەوەی مین لە ئێران کوژراون و ٧٠٠٠ (حەوت هەزار) کەسیش بریندار بوون.
سەرەڕای ئەوەیکە ئێران زۆرترین مینی تێدا چێنراوە و ژمارەی قوربانییەکانی لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام پەیمانی "ئۆتاوا"ی واژۆ نەکردووە. پەیمان ئۆتاوا ساڵی ١٩٩٧ بە مەبەستی قەدەغە کردنی بە کارهێنانی مین، بەرهەم هێنان و بڵاوکردنەوەیان و هەروەها بۆ لە ناو بردنیان بەستراوە. تا ئێستا ١٦٤ وڵات ئەم پەیمانەی واژۆ کردووە.
پەیوەست بوونی ئێران بە پەیمانی ئوتاوا قازانجی زۆری بۆ ئێران هەیە. کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ هەڵگرتنەوەی مین و فێرکردنی شارۆمەندانی ناوچە مینڕێژکراوەکان، پشتیوانی و یارمەتی قوربانییەکانی مین ئیمکاناتی ماڵی و فەنی دەخاتە ئیختیار ئێرانەوە. جگە لەوە ئێران لە دوایین ئاڵوگۆڕەکانی ئەم بوارەدا ئاگادار دەکرێتەوە و لە ئەزموونەکانی ئەوانیش بەهرەمەند دەبێ.