هانا: بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە ٤ی رەشەممەی ١٤٠٠ – (٢٣ی فێبرواری ٢٠٢٢)، کرێکارێکی کورد لە کامێران بە هۆی رووداوی شوێنی کارەوە گیانی لەدەستداوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ئومید رەحمانی" تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "لئۆن" لە ناوچەی کامێران راگەیەندراوە. بەپێی ئەم راپۆرتە، ناوبراو لە کاتی کار کردندا لە بینایەکی سێ نهۆمەوە بەربۆتەخوارەوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە.
پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.
