کامێران: سەربازێکی کورد کۆتایی بە ژیانی هێنا 

هانا: رۆژی هەینی ١٧ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٧ی مەی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کوردی خەڵکی کامێران کۆتایی بە ژیانی هێنا.

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە لاوە "حەمید حسێنی" کوڕی موختار و خەڵکی کامێران راگەیەندراوە. 
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتووە، ناوبراو سەرباز بووە و بە چەکەکەی خۆی لە پادگانی سپا لە کامێران کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە. 
هێشتا هۆکارەکانی خۆکوشتنی ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.  

ناردنی لاوان بۆ سەربازی لە حکومەتی ئیسلامی ئیراندا نرخێکی گران و رەنجێکی چەند قات دەخاتە ئەستۆی زۆربەی بنەماڵەکان بەتایەبەت بنەماڵە کەم داهات و هەژارەکان. هەر کوڕێک کە پێدەنێتە تەمەنی ١٨ ساڵەوە یا دواتر کۆتایی بە خوێندنی دێنی، بە ناچار دەبێ بچێ بۆ سەربازی. لە راستیدا بەخێوکردن و هاتوچۆی سەربازەکان دەکەوێتە سەر شانی بنەماڵەکان. حکومەتی ئیسلامی ئێرانیش بۆ فرۆشتنەوەی ٢ ساڵ خزمەتی سەربازی بە مەشموولەکان بە شێوەیەک ناعادڵانە نرخەکەی دیاری کردووە و جگە لەوە تا ئاستی خوێندەواری مەشموولەکان لە سەرتر بێت، دەبێ پارەی زیاتر بۆ کڕینەوەی بدەن. ئەم کارەی حکومەت بووەتە هۆی ئەوەی توێژێکی بەرینی کۆمەڵگا کە لەگەڵ کێشەی هەژاری و نەداری بەرەوڕوون، نەتوانن سەربازییەکەیان بکڕنەوە.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular