چاڵدێران: برینداربوونی کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی هێزەکانی تورکیە 

هانا: رۆژی چوارشەممە ٢٢ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٢ی مەی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری چاڵدێران لەلاین هێزەکانی ئەرتەشی تورکیەوە بریندار بوو. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "حەسەن عەلەم هولوو" خەڵکی چاڵدێران راگەیەندراوە و بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی تورکیە بریندار بووە.  

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و ئاکامی هەژاری و بێکاری لە کوردستانە (کە بە پێی ئامارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران رادەی بێکاری لە پارێزگاکانی کوردستان لە هەموو ناوچەکانی ئێران پترە)، بۆیە خەڵکی کوردستان بەتایبەت لە ناوچە سنوورییەکان بە ناچار و بۆ پەیدا کردنی بژیوی ژیانیان روویان کردووەتە کۆڵبەری. جگە لە مەترسی تەقینەوەی مین، کەوتنەخوار لە بەرزاییە رژدەکان و هەرەسی رنوو و رەقهەڵاتن لە سەرمای زستاندا، لەلاین هێزەکانی حکومەتی ئێران و هێزی سەرسنوری وڵاتانی تر وەک تورکیەوە بە بیانووی هەڵگرتنی شتومەک و کاڵای قاچاخ تەقەیان لێ دەکەن یا دەیانگرن و دەیانخەنە بەر ئازار و ئەشکەنجە. 
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا تەنیا لە مانگی ئاوریلدا ١٦ کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بە تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و چەکدارانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گیانیان لەدەستداوە یا بریندار بوون. 
ئەم بارودۆخەی بۆ خەڵکی کوردستان خوڵقێندراوە پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە کە سیستەمی دەسەڵاتدار لێی بەرپرسە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular