چاڵدران: ئەشکەنجە و ئازاری ٥ کۆڵبەر لەلایەنە هێزەکانی حکومەتی ئێران 

هانا: رۆژی دووشەممە ٢٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ (١٩ی ژولای ٢٠٢١)،  کۆمەڵێک لە کۆڵبەران لەلایەن هێزەکانی هەنگی سەر سنوور کەوتوونە بەر ئەشکەنجە و ئازاری زۆرەوە. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردانەی کەوتوونە بەر ئەشکەنجە و ئازاری هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی بریتین لە: 

1.    جەماڵ حەسەن پوور 
2.    باران حەسەن پوور 
3.    حسێن فیروزی 
4.    وەلی موقیمی 
5.    حەمید عەبدوڵڵازادە  

بەپێی ئەو راپۆرتانەی گەیشتوون، ئەم شارۆمەندە کوردانە کاتی کۆڵبەری لە نزیکی گوندێکی سەر سنوور بە ناوی "عیسا گولیک" لە ناوچەی چاڵدران" تێپەڕیون کە هێزەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە پازگای "سەقیز، میلەی ٢٠٧، ٢٠٨" بە فەرماندەیی کەسێک بە ناسنامەی "سادق‌زادە" هاتوونە سەر رێگای کۆڵبەرەکان و دەستیان کردووە بە ئازار و ئەشکەنجەی ئەو شارۆمەندانە. 

لە رۆژانی رابردووشدا لە رووداوێکی هاوشێوەدا رۆژی ٢٤ی پووشپەڕ – (١٥ی ژولای ٢٠٢١)، )، هێزە چەکدارەکانی حکومەت کاروانێک لە کۆڵبەران کە دەچوون بۆ کۆڵبەری، لە پردی "دووئاو"ی نەوسوود راگرتووە و ئەشکەنجە و ئازاریان داون. 
بە هۆی لێدانی و ئەشکەنجەی هێزەکانی حکومەت ٣ کەس لەو کۆڵبەرانە بە ناوەکانی " خەلیل سلێمانی، ئەنوەر مرادی، خەلیل مەحموودی" بە توندی بریندار بوون. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە و لە راستیدا کار نییە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت شار و ناوچەکانی سەرسنوور لەبەر نەبوونی کار بە مەبەستی پەیدا کردنی بژیوی بنەماڵەکەیان بە ناچار روویان کردووەتە کۆڵبەری. نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە ئەشکەنجە و ئازاری ئەو شارۆمەندە بێکار و هەژارانە کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن لەلایەن هێزەکانی حکومەت و بەڕێوەبەرانی یاساوە ، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 

بەندی ٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە ئەشکەنجە ئازاری شارۆمەندان بەمجۆرەی خوارەوەیە: 

بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ. 

خاڵی یەکەم لە بەندی ٢٥ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ مافە کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزارییەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگا و وڵاتدا دیاری دەکا و لە ئەگەری نەمانی توانای بەڕێچوونی ژیان یا بێکاری ئەرک دەخاتە سەر شانی حکومەت تا بژیوی ژیان و بەڕێچوونی شارۆمەندان بە شێوەی ستاندارد و باش دابین بکات. لە خوارەوە دەقی نووسراوەکە دێنین و شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە. 

بەندی ٢٥ خاڵی یەکەم: هەر کەس مافی ئەوەی هەیە بە مەبەستی دابینکردنی تەندروستی و ئاسوودەیی خۆی و بنەماڵەکەی بەتایبەتی لە باری خوراک، جلوبەرگ، شوێنی نیشتەجێ بوون وەک ماڵ و خانووبەرە، خزمەتگوزاری پزیشکی و دەرمانی، خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان، ئاستێکی ستاندارد و باش لە ژیانی هەبێ. هەروەها مافی ئەوەی هەیە لە کاتی بێکاری، نەخۆشی، لەدەستدانی ئەندام یا ئەندامانی لەشی، لەدەستدانی مێرد یا ژن، بەساڵاچوون و پیری، لە تەواوی ئەم حاڵەتانەدا کە بێ ئیرادە و بڕیاری خۆی کەرەسە و ئامرازەکانی بژیوی ژیان و بەڕێچوونی لەدەستداون، لە باری کۆمەڵایەتییەوە ژیانی دابین بکرێ. 

RELATED ARTICLES

Most Popular