پەروەندەسازی ناوەندە ئەمنییەکان دژی چالاکانی پیشەیی و مامۆستایان 

هانا: لە درێژەی سیناریۆ و ساختەکاری و پەروەندەسازی ناوەندە ئەمنییەکان، شەوی دووشەممە ٢٦ی گوڵانی ١٤٠١ تلویزیۆنی ئێران لە رێگای کاناڵی هەواڵەوە، هەواڵێکی ساختەی سەبارەت بە پێوەندیی چالاکانی پیشەیی بەندکراو “مەسعود نیکخا”، “شەعبان محەممەدی”، “ئەسکەندەر لوتفی” و “رەسووڵ بداغی” بڵاوکردەوە کە گۆیا ئەم چالاکە پیشەییانە بە هاوکاری دوو سیخوڕی فەڕانسەیی لە هەوڵی ئاژاوەگێڕی و هەڵخڕاندنی خەڵکدا بوون بۆ هاتنە مەیدان و راپەڕین. 

پەروەندەسازی و دەستبەسەر کردنی چالاکانی پیشەیی بۆ چەواشەکاری و گۆڕینی بیروڕای گشتی و شەرعییەت دان بە سەرکوت و چارەسەر نەکردنی کێشەی مامۆستایان و خوێندنگەکان لە کاتێکدایە کە ناڕەزایەتی خەڵک بە بێ کیفایەتی دەسەڵاتداران و دۆخی داڕماوی ئابووری و باری خراپی بەڕێچوون و ژیان زۆربەی شارەکانی ئێرانی تەنیوەتەوە و بەرەوە ئەوە دەچێ سەراسەری بێتەوە. هەروەها لە حاڵێکدا کە بەندی ٢٧ی یاسای بنەڕەتی ئێران مافی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بە شارۆمەندان دەدا کەچی ناوەندە ئەمنییەکان هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک بە نایاسایی دەزانن و خۆپیشاندانی ئاشتیخوازانە بە ئاژاوەگێڕی و نائەمنی گرێدەدەنەوە و سەرکوتی دەکەن. 

شایانی باسە ئەمڕۆ "کەژاڵ کەریمی" هاوسەری "شەعبان محەممەدی" بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک باسی لە دۆخی خراپی تەندروستی هاوسەرەکەی لە بەندیخانە کردووە و رایگەیاندووە: "ئاگاداریان کردینەوە "شەعبان محەممەدی"یان بۆ ناوەندی هەواڵی ئیتلاعاتی سنە گواستووەتەوە بەڵام پاش تێپەڕینی حەوتوویەک لە دەستبەسەرکرانی هێشتا هیچ زانیارییەکمان لە دۆخی تەندروستی ئەو نییە. 
نادیاربوونی چارەنووس و بێ هەواڵی لە تەندروستی "شەعبان محەممەدی" بۆیە ئێمەی زیاتر نیگەران کردووە چونکە ناوبراو چەند نەخۆشینی لە پاڵ یەکدا هەیە و گورچیلەکانی، ریخۆڵەی و گەدەی کێشەیان هەیە و ئازاری دەدەن. ئەو نەخۆشینانەش کاتێک خراپتر بوون کە بۆ ماوەی ٢٥ رۆژ لە ژووری تاکەکەسی ئیتلاعاتدا بەندکرابوو و رێکەوتی ٥ی رەشەمەی ١٤٠٠ کە ئازاد کرا ئەم راستییە تاڵەمان بۆ دەرکەوت. بۆیە رایدەگەیەنین بەرپرسایەتی تەندروستی "شەعبان محەممەدی" وەئەستۆی ناوەندی هەواڵی ئیتلاعاتی سنە و ناوەندە قەزاییەکانی سنەیە". 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular