رۆژی چوارشەممە ٢٦ی جۆزەردان – (١٦ی ژوئەنی ٢٠٢١)، هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە پیرانشارەوە ئاگاداریان کردین، هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران بە ناردنی ئەم وێنەیەی سەرەوە بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کەشی ترس و سامیان پێکهێناوە.
لەم راپۆرتەدا هاتووە، هێزە ئەمنییەکان بە ناردنی ئەم وێنەیە بۆ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە وەشوێن لاپەرە و پەیجە سیاسییەکان دەکەون هەڕەشەیان لێ دەکەن.
بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و سەردان و خوێندنەوە و شوێنکەوتنی لاپەڕە و پەیجی حزب و رێکخراوە سیاسییەکان لە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤە بەڵام لە ئێران لەلایەن حکومەت و یاسا و دامودەزگای یاسایی و ئەمنییەتییەوە بە تاوان دەژمێردرێ. حکومەت و دامودەزگای یاسایی و ئەمنییەتی خەڵک ناچار دەکەن شارۆمەندان ئەو بابەتانە و ئەو شتانە ببینن و ببیستن کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتداراندایە و ئەوان حەزێ پێ دەکەن و ئەوان دەیانهەوێ و بڕیاری بۆ دەدەن.
جێگای ئاماژەیە بەندەکانی ٣ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە سەر ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی تاک لە کۆمەڵگادا ئاوا دەڵی:
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.