هانا: رۆژی شەممە ١ی خەزەڵوەری ١٤٠٠ – (٢٣ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١)، دوو جووتیاری کورد لە دوو رووداوی جیاوازی رێگاوباندا بە هۆی وەرگەڕانی تراکتۆر گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئەم راپۆرتە ناسنامەی یەکێک لەم شارۆمەندانە "عومەر خالیدی (رەحمان خاڵندی)" و خەڵکی گوندی "پەسوێ" لە ناوچەی پیرانشار راگەیەندراوە و لە کاتی گواستنەوەی باری چەوەندەر بۆ کارخانەی قەند تراکتۆرەکەی وەرگەڕاوە و لە ئاکامدا هەر لەوێ گیانی لەدەستداوە.
هەروەها بەپێی ئەم راپۆرتە لە رووداوێکی تردا شارۆمەندێکی دیکە بە ناوی "سەید ئەحمەد ئامارە" خەڵی ئاوایی "کولیچ" لە ناوچەی پیرانشار لە رێگای کولیچ تراکتۆرەکەی وەرگەڕاوە و لە ئاکامدا گیانی لەدەستداوە.
نائەمن بوونی رێگاوبانەکان بە هۆی ناستاندارد بوونی جادەکان و ماشێن و کەرەسەکانی گواستنەوە، ساڵێ ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی کوردستان دەکاتە قوربانی و ئەم رووداوانە هەر دێ و روو لە هەڵکشانە و جادەکانی کوردستانی بە جادەی مەرگ ناویان دەرکردووە.
بە گشتی بەپێی ئامار، رۆژانە ٥٠ کەس لە جادەکانی ئێران دەبنە قوربانی رووداوی هاتوچۆ و بە پێی ئامارەکانی جیهانی ئێران لە باری رووداوی هاتوچۆ و رێگاوبانەکان لە پلەی ٨ دایە.
