هانا: شەوی ٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ دوو پێشمەرگەی حزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسدارانی ئێران گیانیان لەدەستدا.
حزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران رایگەیاندووە ناوی ئەم دوو پێشمەرگەیەی گیانیان لەدەستداوە "هادی شێخە" و "ئەیوب سوڵتانی"یە. ئەم تێکهەڵچوونە لە نزیک ئاوایی "لک بن "ی ناوچەی پیرانشار، کە لە سەر جادەی مهاباد – پیرانشار هەڵکەوتووە، لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران و لە کاتێکدا کە هێزەکانی حزبی دێموکڕات لە ماشێندا بوون هاتووەتە ئاراوە. سەرچاوە جۆراوجۆرەکان رایانگەیاند شۆفیری ماشێنەکە بە برینداری دەستبەسەر کراوە.
شایانی باسە ٨ رۆژ لەوەپێشیش دوو ئەندامی حزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە سەر رێگای بۆکان – مهاباد، گیانیان لەدەستدا. ناسنامەی ئەم دوو پێشمەرگەیە "ئەنوەر نەسیری چیانە" ناسراو بە "سمکۆ مەحمەڵ" و "سۆهراب خەدیری پوور" ناسراو بە "شەخەوان" راگەیەندراوە.
بەشێک لە راگەیەنەرەکان لەم بارەوە رایانگەیاند ئەندامێکی دیکەی "حدکا" بە برینداری دەستبەسەر کراوە بەڵام لە راگەیاندنەکانی ناوەندی فەرماندەیی حدکا ئاماژەیان بە هیچکام لەم دەستبەسەرکراوانەی ئەم دوو تێکهەڵچوونە نەکردووە.