هانا: رۆژی سێشەممە ٢١ی پووشپەڕی ١٤٠١-(١٢ی ژولای ٢٠٢٢) هاوکارانی مافی مرۆڤی هانا ئاگاداریان کردین، لە رۆژانی رابردوودا هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئیران سێ شارۆمەندی بەندکراو بە ناوەکانی عوسمان دڵسۆز ٦٤ ساڵ، عەبدولڕەحیم دڵسۆز (هەژار) ٢٤ ساڵ و خەڵکی ئاوایی “زێوکە” و ئاکام خزرزادە ٢٥ ساڵ و خەڵکی گوندی “کانی بداغ” لە ناوچەی پیرانشاریان بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنییەتی ورمێ گواستەوە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ئەم سێ شارۆمەندە کاتژمێر ٦ بەیانی رۆژی سێشەممە ١٤ی پووشپەڕی ١٤٠١ – (٥ی ژولای ٢٠٢٢) لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوازرابوونەوە.
بەپێی راپۆرتی هاوکارانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، هێزە ئەمنییەکانی حکومەت بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە ویڕای پشکنینی ماڵەکانیان، دەستیان بەسەر لەپ تاپ و موبایلەکانیاندا گرتبوون.
تا ئێستا زانیاری لە سەر هۆکاری گرتنی ئەم سێ شارۆمەندە لەبەردستدا نییە.
