هانا: سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو حەوتوو، هێشتاش چارەنووسی ٦ شارۆمەندی کوردی خەڵکی پیرانشار کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کراون هەر نادیارە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیشیان بێ ئاکام بووە.
بەپێی زانیارییەکانی رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، دەستبەسەرکرانی ئەم ٦ شارۆمەندە بەم جۆرەی خوارەوە بووە.
رۆژی شەممە ٩ی رێبەندانی ١٤٠٠ – (٢٩ی ژاونوییەی ٢٠٢٢)، "ئەیوب حەدیسی، رەحمان خدمەتگوزار، فریاد شیلان، مراد مامە ڕەش، عەلی عومەرپوور" لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتەوە بێ بەڵگەی یاسایی و سەرەڕۆیانە دەستبەسەر کراون و دوو رۆژ دواتر واتە رۆژی دووشەممە ١١ی ڕێبەندان "عەلی عومەرپوور"یش هەر بەم شێوەیە و بێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەر کراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، ئەم شارۆمەندانە لەودەمەوە گیراون تا ئێستا لە هەموو مافێکی ئینسانی خۆیان و هەروەها مافی بەندکراوێکیش وەک مافی گرتنی پێوەندی لەگەڵ بنەماڵە و مافی بەهرەمەند بوون لە پارێزەر بێبەش کراون.
