هاوکارانی هانا ئاگاداریان کردین، بنەماڵەی چالاکێکی مەدەنی ٤٠ رۆژە لە چارەنووسی دوکتور “فایەق ساوجبڵاغی” ئاگادار نین.
بەگویرەی ئەم راپۆرتە، دوکتور "فایەق ساوجبڵاغی" چالاکی مەدەنی و بەرپرسی ئەنجومەنی پشتیوانانی پیرانشارە و زۆر وێدەچێ ناوەندە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران دەستبەسەریان کردبێ. بەڵام ئەم هەواڵە تا ئێستا لەلایەن هیچکام لە راگەیاندنەکانەوە بڵاونەکراوەتەوە و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ناوبراو، بەڵامی ناوەندە ئەمنییەکان هیچ زانیارییەکیان لەم بارەوە پێ نەداون.
دوایین نموونەی کار و چالاکی دوکتور فایەق چێ کردنی شوێنێکی تایبەت بۆ حەوانەوە و چاوەدێری سەگەکانی سەر شەقام لە پیرانشارە.
ئازادی دەربڕینی بیروباوەڕ یا ئەندامەتی و لایەنگری لە حزب و رێکخراوی سیاسی و مەدەنی لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە لە کۆمەڵگای ئازاد و دێموکڕاتدا و هەروەها جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەم مافە بۆ تاکەکانی کۆمەڵگا وەک مافێکی سروشتی و بێ ئەملاولا چاولێدەکا و لە بەندەکانی خۆیدا گونجاندوویەتی. شایانی باسە وڵاتی ئێرانیش یەکێک لەو وڵاتانەیە واژۆی کردووە و هەرچەندە لەم جاڕنامەیەدا رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ئەرکی سەر شانی حکومەتی وڵاتەکانی دادەنێ رێز لە بەندەکانی ئەم جاڕنامەیە بگرن و بۆ ڕەچاو کردنی ئەم بەندانە بە بەرپرسیان دەزانێ، بەڵام حکومەتی ئێران بایەخی پێ نادا و هەموو رۆژێ و بەردەوام بە پانایی وڵاتی ئێران مافی شارۆمەندانی ئەم وڵاتە و خەڵکی کوردستان پێشێل دەکا.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، دەستڕاگەیشتن بە دادگایەکی ئاشکرای بێ لایەن و دادپەروەر لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.
لەم پێوەندییەدا لە خوارەوە بەندەکانی ٣، ٩ و ١٠ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێرانیش واژۆی کردووە دادەنێین.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا.
