پیرانشار: نەدانی حەقدەستی کرێکارانی شارەوانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە 

هانا: بەپێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتوون، کرێکارانی شارەوانی پیرانشار لە سەرەتای ساڵی تازەوە حەقدەستەکانیان پێ نەدراوە. 

کرێکارانی شارەوانی لە توێی نامەیەکدا بۆ شووڕای شاری پیرانشار خوازیاری ئەوە بوون حەقدەستە نەدراوەکانیان پێ بدەن. 
هەروەها لە ناوەرۆکی نامەی ناڕەزایەتی کرێکاراندا ئاماژە بە درۆ و دەلەسەکانی کاتی هەڵبژاردنی ئەندامانی شووڕای شار کراوە کە بە دروشم و بەڵێنی چارەسەری گرفتەکانی کرێکاران لە کاتی هەڵبژاردندا هاتنە مەیدان و دواتریش بەڕێوەنەبردنی قەول و بەڵنەکانیان پاش دەنگ هێنانەوەیان. کرێکاران لەو نامەیەدا جەختیان لە سەر ئەوە کردۆتەوە کە بەڵینەکانی ئێوە تەنیا بۆ فریو و راکێشانی ئێمە بۆ شانۆی هەڵبژاردن بووە. 

وەدواکەتن و نەدانی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران و زیاد نەکردنی هەقدەستەکانیان لە هەلومەرجێکدایە کە بەشێک لەو کرێکارانە پیر و بە ساڵاچوون و ئەم حەقدەستانە تەنیا سەرچاوەی داهاتی ئەوانە بۆ بژیوی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان. هەروەها نەدانی حەقدەستەکانیان لەم گرانییەدا گوشاری زۆری بۆ هێناون. 
جێگای ئاماژەیە، بە هۆی هەژاری و بێکاری دیاردەی کۆڵبەری کە یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانە لە شارە سنوورییەکان و لەوانە پیرانشار بە بەردەوامی روو لە زیاد بوونە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular