رۆژی دووشەممە ٦ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٢٦ی ئاوریلی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لە ئاوایی “گەرگولی خواروو” لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانی پیرانشارەوە دەسبەسەر کراوە.
بە پێی راپۆرتێک کە لەلاین هاوکارانی "رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا"وە بۆمان هاتووە، ناسنامەی ئەو شارۆمەندە کوردە "رەسووڵ عەبدوڵڵانیژاد" کوڕی ئەبوبەکر خەڵکی گوندی "گەرگولی خواروو" لە ناوچەی پیرانشار راگەیەندراوە.
بە پێی ئەو راپۆرتانەی بۆ هانا هاتووە، ناوبراو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێرانەوە بە بێ هیچ بەڵگەیەکی یاسایی دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نەناسراو راگوێزراوە.
هەوڵەکانی بنەماڵەی "رەسووڵ عەبدوڵڵانیژاد" بۆ وەدەستکەوتنی زانیاری لە سەر هۆکاری گرتن و چارەنووسی ناوبراو بێ ئاکام ماوەتەوە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لە لایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
