هانا: لە درێژەی شەپۆلی سەرکوت و دەستبەسەر کردنی شارۆمەندانی کوردستان، دوێنێ، ٢٥ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٥ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “هەژار ئیبراهیمی” لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپاوە رفێندراوە و هیچ ئاشکرا نییە بۆ کوێیان بردووە.
هەژار ئیبراهیمی تەمەنی ٣١ ساڵە و خەڵکی پیرانشارە. بە پێی ئەم راپۆرتە، دوێنێ هێزەکانی ئیتلاعاتی سپا لە بەر دوکانەکەی خۆی لە پیرانشار رفاندوویانە و تا ئێستا هیچ هەواڵێک لە چارەنووس و شوێنی دەستبەسەر کردنی لەبەردەستدا نییە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩ی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ لە پێوەند لەگەڵ ئەمنییەت و ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندان لە کۆمەڵگاکاندا بەم جۆرە دەدوێ کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.