هانا: رۆژی سێشەممە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٠ – (١٨ی مەی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد بە ناوی “ئیبڕاهیم ئوفتادە” خەڵکی گوندی “زێوە” لە ناوچەی پیرانشار، دوای ئەوەی لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارنەوە بانگ کراوە، دەستبەسەریان کردووە.
لە کاتی دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندەوە تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هۆکار و شوێنی دەستبەسەر کردنی ناوبراو بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و بێ بەڵگەی یاسایی، بێسەروشوێن کردنی شارۆمەندان و نەدانی هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووسیان بە بنەماڵەکانیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە. شایانی باسە ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤی واژۆ کردووە بەڵام رۆژ نییە چەند جار لەلایەن ناوەند و دامودەزگا ئەمنی و قەزاییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران و بەڕیوەبەرانی یاساوە پێشێل نەکرێ.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە.