هانا: لە ماەی ڕۆژانی ڕابردوودا شارۆمەندێک بە ناوی “محەممەد مورادی” تەمەن ۳٥ ساڵ و خاوەنی دوو منداڵ، خەڵکی ئاوایی “قەبر حسێن” سەر بە پیرانشار بۆ شاری قیدار سەر بە پارێزگای زەنجان دوور خراوەتەوە.
محەممەد مرادی لە مانگی گوڵانی ۱٤۰۰، لە لایەن دادگای شۆڕشی مەهاباد بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایش و نەزمی گشتی لە ڕێگەی ئەندام بوون لە یەکێ لە حیزبە کوردستانیەکان بڕیاری ٤۰ ساڵ بەند کردن و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ ی بە سەردا سەپا، بەڵام لە دادگای پێداچوونەوە بڕیاری ۱٥ساڵ دوورخستنەوە بۆ یەکێ لە شارەکانی پارێزگای زەنجانی بەسەردا سەپا لە کۆتایی دا سزاکەی کرا بە ۷ساڵ و ٦ مانگ دوور خستنەوە بۆ شاری "قیدار" ی پارێزگای زەنجان.
ناوبراو لە ڕێکەوتی ۲۱ی ڕەشەمە ۱٤۰۰، بە دانانی بارمتەی ٨ ملیارد تمەن بە شێوەی کاتی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو.
محەممەد مرادی پێشتر ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان بووە و لە ساڵی ۱۳۹٦ دوای جیا بوونەوە لەو حیزبە و گەڕانەوەی بۆ ئێران، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسداران دەستبەسەر و دوای کۆتایی پڕۆسەی لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی ناوەندە ئەمنییەکانەوە بۆ بەدیخانەی نەغەدە گوازرابۆوە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە کە شەوی یەکشەمە ۲۱ی ڕەزبەر ۱۳۹٨، دوو برای محەممەد مرادی بە ناوەکانی"عەبدولڕەحمان و سادق مرادی" لە سنووری کۆتران ی پیرانشار لە کاتی کۆڵبەریدا بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی سپاوە گیانیان لە دەستداوە.