بە پێی راپۆرتی هاوکارانی هانا، رۆژی هەینی ١٠ی گوڵانی ١٤٠٠ – (٣٠ی ئاوریلی ٢٠٢١)، تازەلاوێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی پیرانشار کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "ئومید ئەحمەدپوور" تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی پیرانشار راگەیەندراوە.
تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هۆکاری خۆکوشتنی ئەم شارۆمەندە کوردە بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا روون نییە.
جێگای ئاماژەیە کێشەی ئابووری و هەژاری، نەخۆشی دەروونی، گوشاری فەرهەنگی، گیروگرفتی سیاسی و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان لە هۆکارە باوەکانی خۆکوژین لە کۆمەڵگای ئێران. بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی رەچاوکردنی هەڵاواردن و دانانی جیاوازی بە ئەنقەستی حکومەتی ئێران لە باری ئابووری، سیاسی و فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لە دژی خەڵکی کورد، رادەی خۆکوژی لە کوردستان لە بەشەکانی دیکەی ئێران زیاترە.
بەداخەوە هەر وەک لە ئامارەکان دەردەکەوێ لاوان و تازەلاون و تەنانەت منداڵان ئێستا لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە و بە هۆی بێ هیوایی یا کێشەکانی تایبەت بە تەمەنی خۆیان پەنا دەبەنە بەر خۆکۆژی و کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن. ئەوە لە حاڵێکدایە بەرپرسان و بەڕیوەبەران و دەسەڵاتدارانی وڵات هیچ پلانێکیان بۆ چارەسەری ئەم دیاردە دڵتەزێنە رەچاو نەکردووە. بە پێی بەڵگە پەسندکراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ و هەروەها بەگوێرەی مادەی ١٢ سەبارەت بە "مافی سڵامەتی و بەهرەمەند بوون لە تەندروستی" کۆنوانسیۆنی مافەکانی منداڵان، حکومەتی ئێران ئەرکی سەر شانێتی بۆ گەیاندنی بەرزترین ئاستی خزمەتگوزاری بێهداشتی بە مناڵان و تازەلاوان.