پاوە: کۆڵبەرێک بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەت کوژرا 

هانا: رۆژی هەینی ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٨ی ژوئەنی ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد بە هۆی کاریی بوونی برینەکانی کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێرانەوە لە سەر سنوور بریندار کرابوو، گیانی لەدەستدا. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "بەسیر ئەحمەدزادە"یە و دووشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٤ی ژوئەنی ٢٠٢١)، لەگەڵ براکەی بە ناوی "بەشیر ئەحمەدزادە" بە هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزەکانی حکومەت لە سەر سنووری نەوسوود بریندار ببوون. بەداخەو "بەسیر ئەحمەدزادە" بە هۆی کاریی بوونی برینەکانییەوە رۆژی هەینی گیانی لەدەستدا. 
"بەسیر ئەحمەدزادە" خەڵکی ئاوایی "دشە" لە ناوچەی پاوەیە و لە نەخۆشخانەی کرماشان دوای چەند رۆژ بەربەرەکانێ لەگەڵ مەرگ بە هۆی کاریی برینەکانییەوە گیانی لەدەستدا. 

کۆڵبەری دیاردەیەکی مەترسیدارە بەڵام خەڵکی کوردستان و بەتایبەت ناوچە سنوورییەکان لەبەر بێکاری و هەژاری روویان کردووەتە ئەم کارە. دابەشکردنی دادپەروەرانەی داهاتی وڵات ئەرکی سەر شانی حکومەتی هەر وڵات و کۆمەڵگایەکە بەڵام لە کوردستان بە هۆی هەڵاواردن و سیاسەتی جیاوازی دانانی بە ئەنقەست و بەردەوامی حکومەت لە باری ئابوورییەوە بۆ سەر خەڵکی کورد، بووەتە مایەی پەرەسەندنی بێکاری، نەداری و هەژاری لەم کۆمەڵگایەدا. 
نەڕەخساندنی هەلی کار لەلایەن حکومەتەوە دەبێتە هۆی بێکاری و هەژاری لە کۆمەڵگادا و لەولاشەوە تەقەی راستەوخۆ لەلایەن بەڕێوەبەرانی یاساوە لە شارۆمەندانی بێکار و هەژار کە بەدوای بژیوی ژیانەوەن یا گرتن و ئەشکەنجە کردنیان، بە پێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ (کە وڵاتی ئێرانیش واژۆی کردووە و حکومەت بەرپرسە بۆ رەچاوکردن و بەڕێوەبردنی)، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە لەلایەن حکومەتەوە. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular