هانا: رۆژی پێنجشەممە ٢٧ی جۆزەردانی ١٤٠٠ – (١٧ی ژوئەنی ٢٠٢١)، شارۆمەندێکی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "سیروان ئەناخی" خەڵکی ئاوایی "سریاس" لە ناوچەی پاوە راگەیەندراوە.
بەپێی ئەو راپۆرتانەی هاتوون، ئەم شارۆمەندە کوردە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گوێزراوەتەوە.
شایانی باسە کەلوپەلی "سیروان ئەناخی" وەک لەپ تاپ و موبایلەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستی بەسەردا گیراوە و تا ئێستا هۆکار و شوێنی دەستبەسەر کردنی ئاشکرا نییە.
جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە لە لایەن حکومەتی ئێرانیشەوە واژۆ کراوە لە بەندەکانی ٣، ٩ و ١٩دا ئاماژە بە ئەمنییەت و ماف و ئازادییە دێموکراتیکەکانی شارۆمەندان دەکات کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە.
بەندی ٣- هەر مرۆڤێک مافی ژیان و ئازادی و ئەمنییەتی تایبەت بە خۆی هەیە.
بەندی ٩- هیچ کەس نابێ سەرەڕۆیانە دەستبەسەر، زیندانی یا شاربەدەر بکرێ.
بەندی ١٩- هەر تاکێکی کۆمەڵگا مافی ئازادی بیروڕا و دەربڕینی ئازادانەی بیروڕای خۆی هەیە و ئەم مافەش پێویستی بەمەیە هیچ کەس لەبەر ئەوەی بیروبۆچوونێکی هەیە نەترسێ و لە وەدیهێنان و وەرگرتن و بڵاوکردنەوەی زانیاری و بیروبۆچووندا نیگەران نەبێ و ئازادانە و بێ ترس و بێ لەبەرچاوگرتنی تێبینییە سنووردارەکان دەستی بە هەموو ئامرازێکی گونجاو بۆ دەربڕینی بیروڕای خۆی و بڵاوکردنەوەی رابگا.
هەروەها مافی بەهرەمەند بوونی تۆمەت لێدراو و دەسبەسەرکراوان بۆ هەبوونی پارێزەر و وەکیل، لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ و هەر زیندانی و دەسبەسەرکراوێکە. پێشێل کردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن دامودەزگای قەزایی و هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی حکومەتی ئێران بۆتە کاری رۆژانەیان و حکومەتی ئێران لەم بارەوە لە کۆمەڵگای جیهانیدا ناوزڕاوە.