هانا: بەگوێرەی راپۆرتێک کە وێنەیەکی بۆ رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، بە هۆی پیس بوونی ئاوی خواردنەوە لە دوو گەڕەکی ئەم شارە لە رۆژی هەینی ٢٦ی خرمانانی ١٤٠٠ – (١٧ی سپتەمبری ٢٠٢١) تا ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی خرمانان، ١٤ کەس لە شارۆمەندانی ئەم شارە مەسمووم بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی پاوە کراون.
لە درێژەی ئەم راپۆرتەدا هاتووە ئاوی خواردنەوەی گەڕەکەکانی "نوسمە" و "چورژێ" لە پاوە پیس بووە و گرفتی تەندروستی بۆ شارۆمەندانی ئەم دوو گەڕەکە دروست کردووە و لە ئاکامدا لەم چەند رۆژەدا ١٤ کەس بەڕێی نەخۆشخانەی پاوە کراون و ئێستا لە ژێر چاوەدێری پزیشکی دان. جێگای ئاماژەیە بەرپرسی ناوەندی تەندروستی ئەو شارەش ئەم راستییەی پشتراست کردووەتەوە.
شایانی باسە ئەمە یەکەم جار نییە ئاوی خواردنەوە لە پاوە و ئاواییەکانی ئەو ناوچەیە پیس دەبێ و لە رۆژانی رابردوودا ٧٠ کەس لە شارۆمەندانی ئاوایی "دەشە" لە ناوچەی پاوە بە هۆی پیس بوونی ئاوی خواردنەوە مەسمووم بوون و رەوانەی نەخۆشخانەی پاوە کران.