هانا: ٣ شارۆمەندی کورد لە شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و ئیلام کۆتاییان بە ژیانیان هێنا.
بە پێی ئەو هەواڵانەی کە بۆ "رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا" هاتووە: رۆژی دووشەممە ٢٥ی رەشەمەی ١٣٩٩ (١٥ی مارسی ٢١)، تازە لاوێکی کورد بە ناوی موبین ئەحمەدی تەمەن ١٤ ساڵ خەڵکی گوندی "سێوەرە هەوار" لە ناوچەی ئەزگەلە کۆتایی بە ژیانی هێناوە.
هەرەوها ٢ شارۆمەندی کوردی خەڵکی ئیلام لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، بە ناسنامەی محەممەد فەتاحی و محەممەد ئەکبەری دەستیان داوەتە خۆکۆژی و کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. بە پێی ئەو راپۆرتانەی بۆ "رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا" هاتووە، هۆکاری خۆکوشتنی هەر سێکیان گیروگرفتی بژیوی ژیان و کێشەی کۆمەڵایەتی بووە.
گیروگرفتی کۆمەڵایەتی، هەژاری و بژیوی ژیان لە کوردستان تەنگی بە خەڵک هەڵچنیوە و بووەتە هۆی پێکهێنانی بارودۆخێکی نالەبار و لە ئاکامی ئەم گوشارانەدا تەنیا لە ٢ حەوتووی یەکەمی مانگی مارسی ئەمساڵدا ٨ شارۆمەندی کورد کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە. جێی ئاماژەیە ٤ کەس لەوانە تەمەنیان ژێر ١٨ ساڵ بووە و لە شارەکانی سەقز، دێولان، سەنقور و ئەزگەلە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە و ٤ کەسی دیکەش لە شارەکانی ئیلام، دێولان، کامیاران خۆیان کوشتووە. ٧ کەس لەوانە هەر بەو هۆکارانەی سەرەوە کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە.
جگە لەوە، مانگی رابردووش ٧ شارۆمەندی کورد هەر بەو هۆکارانەی لە سەرەوە ئاماژەی پێ کرا خۆیان کوشتووە. هەڵبەت ئەم ئامارانەش بە هۆی نەبوونی هەڵسوورانی راگەیاندنی ئازاد، هەموو راستییەکان دەرناخا و شیمانەی ئەوە دەکرێ ئامارەکان لەوە زیاتر بن.
شایانی باسە گیروگرفتی ئابووری، بێکاری و هەژاری، نەخۆشی دەروونی، کێشەی فەرهەنگی و سیاسی و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان هۆکاری سەرەکی خۆکوژین لە ئێران بەڵام رادەی خۆکوژییەکان لە کوردستان لە بەشەکانی تری ئێران زیاتر بووە.
ئەم بارودۆخەی ئێستا ناکارامەیی بەرپرسان و سیستەمی ئێدارە و بەڕێوەبەرایەتی دەردەخا و بە ئاشکرا پێشێل کردنی مادەکانی ٢٢ و ٢٣ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤە.