بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ١٥ی ژوئن ٢٠٢٣، کرێکارێکی بیناسازی بە ناوی “فەخرەدین میکایلی” کوڕی کاکە ٤٩ ساڵ و خێزاندار و باوکی سێ منداڵ و خەڵکی ئاوای “لۆر باڵاجۆق” ی ورمێ، بەهۆی کەوتنەخوارەوە لە بەرزاییەوە گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ هانا زیادی کرد؛ ناوبراو لە کاتی کارکردن لە باڵەخانەیەک کە دەکەوێتە سەر شەقامی ٢ی ئیمام لە شاری ورمێ، بە هۆی نەبوونی ئەمنیەتی شوێنی کار لە بەرزای ١٢ مەترەوە کەوتە خوارەوە و ئەم ڕووداوە بووە هۆی گیانلەدەستدانی.
پێویستە ئاماژەی پێبکرێت؛ لە ڕووی ئاسایشی کارەوە ئێران لە پلەی ١٠٢ دایە لە جیهاندا، لە ئێران کرێکاران بە مووچەیەکی کەم خەریکی کاری قورسن و لەم کارەشدا ماندوێتی و نەبوونی ئەمنیەتی دەبێتە هۆی ڕووداوی لەو جۆرە و سەرەڕای ئەوە بیمەی کار بۆ کرێکاران لەبەرچاو ناگیرێت.
