هانا: هاوکارانی هانا لە راپۆرتێکدا ئاگاداریان کردین ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی خرمانانی ١٤٠٠ – (٢٠ی سپتەمبری ٢٠٢١)، لە ئاکامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی تورکیە بۆ سەر کاروانێکی کۆڵبەران دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندارن.
بەپێی ئەم راپۆرتە کاروانێک لە کۆڵبەران لە خاکی تورکیە کەوتوونە بەر هێرشی هێزە چەکدارەکانی تورکیە و لە ئاکامدا دوو کۆڵبەر گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش بریندار بوون و ٨ کەسیش لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتەوە دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی ئەم راپۆرتە ناسنامەی ئەم دوو کۆڵبەرەی گیانیان لەدەستداوە "ئالیشان حەیدەری" تەمەن ١٨ ساڵ و "سۆزدار ئەحمەدی" تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "کوران" لە ناوچەی "سۆماوبرادۆست"ی ورمێ راگەیەندراوە.
تا ئامادە کردنی ئەم راپۆرتە هیچ زانیارییەک لە سەر ناسنامەی ئەم شارۆمەندانەی تر لەبەردەستدا نییە. رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا لە داهاتوودا بە گەیشتنی زانیاری زیاتر، ناسنامەی ئەم شارۆمەندانە بڵاودەکاتەوە.
