هانا: بەپێی هەواڵێک کە بۆ رێخکراوی مافی مرۆڤی هانا هاتووە، سەرلەبەیانی رۆژی هەینی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٠ – (٩ی ژولای ٢٠٢١)، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی “عەبدولعەزیز حاجی پوور” خەڵکی گوندی “چریکاوا” لە ناوچەی ورمێ بە تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەکانی هانا لەم بارەوە رایانگەیاند، هێزە چەکدارەکانی حکومەت لە بەرزاییەکانی 'مەرگەوەڕ" بە بێ دەنگدان و ئاگادار کردنەوەی عەبدولعەزیز حاجی پوور دەسڕێژیان لێ کردووە و لە ئاکامدا پێکراوە و گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، لە سەرەتای مانگی ژولایەوە تا ئێستا ٨ کەس لە شارۆمەندانی کوردستان لە بەرزاییەکانی سەر سنوور بە هۆکارەکانی تەقەی راستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئێران، کەوتنەخوارەوە لە بەرزایی و تەقینەوەی مین و بۆمب و گولە تۆپی بەجێماوی شەڕی ئێران و عێڕاق بریندار بوون و گیانیان لەدەستداوە.
