ورمێ: کرێکارێک بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانی لەدەستداوە 

هانا: ڕۆژی شەممە ٧ی جۆزەردانی ١٤٠١-(٢٨ی مەی ٢٠٢٢)، کرێکارێک لە کاتی کار کردندا بە هۆی بەربوونەوە لە بینایەکی حەوت نهۆم گیانی لەدەستداوە. 

ناوی ئەم کرێکارە کوردە "مەتین مەحموودی" کوڕی قادر و خەڵکی ئاوایی "میرداود" لە ناوچەی ورمێ راگەیەندراوە. 
ناوبراو لە کاتی تێگرتنی دەرگا و پەنجەرەی پی وی سی، لە بینایەکی حەوت نهۆم لە گەڕەکی زانستگای ورمێ، کەوتووەتە ناو هاسانسەری بیناکەوە و پاش چەند کاتژمێر گیانی لەدەستداوە. 

پێڕانەگەیشتن و گوێنەدانی بەرپرسان بە سەر شێوەی کار و دۆخی کرێکاران و ئەمنییەتی شوێنی کاردا، لەولاشەوە کەمتەرخەمی خاوەنکاران لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کارە و ئەم بارودۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە کرێکاران لە ساڵدا بە هۆی رووداوی شوێنی کار گیانیان لە دەست بدەن یا بریندار بن. هەر بۆیە وڵاتی ئێران لە باری ئەمنییەتی شوێنی کارەوە لە سەر ئاستی جیهان لە پلەی ١٠٢دایە و بووەتە وڵاتێکی زۆر نائەمن بۆ کرێکاران.   

سەرەڕای ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئێستا بە سەر کرێکاراندا سەپاوە، یاسای دژی کرێکاران و پشتیوانی لە کارفەرما و بەرپرسان لەلایەن حکومەتەوە، بووەتە هۆی ئەوەی کرێکاران مافی ئەوەیان نەبێ لە ئاست ئەم گشتە بێ مافی و پێشێلکارییەی مافەکانیان و نەبوونی ئەمنییەتی شوێنی کار ناڕەزایەتی دەربڕن.  
 

RELATED ARTICLES

Most Popular