ورمێ: ژنێک کۆتایی بە ژیانی هێنا 

هانا: بەپێی راپۆرتێک کە بۆ هانا هاتووە، رۆژی ٨ی گوڵانی ١٤٠٠ بەرامبەر بە ٢٨ی ئاوریلی ٢٠٢١، ژنێکی خەڵکی ورمێ کۆتایی بە ژیانی هیناوە. 

ناسنامەی ئەم شارۆمەندە "فاتم عەلیپوور" ناسراو بە "شادییە" راگەیەندراوە. 
بەگویرەی ئەم راپۆرتە، فاتم عەلیپوور کاتی کێشە لەگەڵ هاوسەرەکەی خۆی "مێهرداد مرادی"، بە هۆی ئەوەی مێردەکەی لێیداوە، دەستدەداتە خۆکوژی و گۆیا ئەم رووداوە بە بەرچاوی منداڵەکانیانەوە روویداوە. 
دوای ئەوەی ناوبراو ٦ رۆژ بۆ وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە دەکەوێ، گیانی لەدەستداوە. لە ماوەی ئەم چەند رۆژەدا هیچکام لە راگەیاندن و ناوەند و رێکخراوە پێوەندیدارەکان لەم بارەوە کاردانەوەیەکیان نەبووە. ئەم بێدەنگییە لە ئاست تووندوتیژی دژی ژنان کێشەیەکی جیددی کۆمەڵگایە و پێویستە خەسارناسی بۆ بکرێ و بەر بە هەڵسوکەوتی پیاومەزنانە و توندوتیژی دژی ژنان بگیرێ. 

شایانی باسە کێشەی ئابووری و هەژاری، نەخۆشی دەروونی، گوشاری فەرهەنگی، گیروگرفتی سیاسی و گوشارە کۆمەڵایەتییەکان  لە هۆکارە باوەکانی خۆکوژین لە کۆمەڵگای ئێران و کوردستان. جگە لەمانە سیستەم و یاسای پیاومەزنی و بێ مافی ژنان، هەڵاواردنی رەگەزی و بەمێرددانی زۆرەملی و نەبوونی پشتیوانی یاسایی لە ژنان هۆکارەکانی تری خۆکوژی ژنانن. 
 

RELATED ARTICLES

Most Popular