هانا: بەپێی هەواڵێک کە رۆژی دووشەممە ٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ – (٢٥ی ژولای ٢٠٢٢) بە هانا گەیشتووە، ئیدریس فەقیهی تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی سنە کە ساڵێک لەوەپێش لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو چارەنووسی نادیارە.
ناوبراو پاش ئەوەی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی حکومەتەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی ورمێ بەڕێ کرابوو، ئیتر لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە سەر چارەنووشی ئەم شارۆمەندە کوردە لەبەردەستدا نییە.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە ئیدریس فەقیهی لە تێکهەڵچوونێکی چەکدرانەدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران لە ئاوایی "عیلماباد"ی ناوچەی بۆکان بریندار و دواتر بە برینداری دەستبەسەر کرابوو. بنەماڵەی فەقیهی بە مەبەستی وەرگرتنی زانیاری لە چارەنووسی ئیدریس فەقیهی چەند جار سەردانی گرتووخانەی ئەلمەهیدییە لە ورمێیان کردووە بەڵام بەرپرسانی ئەو گرتووخانەیە سووکایەتییان پێ کردوون و وێنەی تەرمیان نیشان داون و گوتوویانە کوڕەکەتان کوژراوە.
ئیدریس فەقیهی ساڵی ١٣٩٥ ببوو بە ئەندامی یەکێک لە حزبەکانی کوردستان و رێکەوتی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ لە ئاوایی "عیلماباد"ی ناوچەی بۆکان لە تێکهەڵچوونێکی چەکدارانەدا لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سپای پاسداران پاش بریندار بوونی دەستبەسەر کرابوو و دوای ٧٠ رۆژ بنەماڵەکەیان ئاگادار کردبۆوە لە گرتووخانەی ئەلمەهدییە لە ورمێ بەند کراوە.