هانا: بەپێی راپۆرتێک کە لەلاین “ئاسۆ نیوز”ەوە بڵاوبۆتەوە، شارۆمەندێکی کورد لە گرتووخانەی هێزە ئەمنییەکان لە ورمێ گیانی لەدەستداوە.
ناسنامەی ئەم شارۆمەندە کوردە "رەحمان ئەحمەدیان" تەمەن ٣٨ ساڵ و خەڵکی ئاوایی "سیر ئەحمەدلوو" لە ناوچەی ورمێ راگەیەندراوە. جێگای ئاماژەیە، هیزە ئەمنییەکان دوای چەند رۆژ دەستبەسەر کردنی ئەم شارۆمەندە کوردە، رۆژی یەکشەممە ٢٧ی پووشپەڕی ١٤٠٠ (١٨ی ژولای ٢٠٢١)، تەرمی ناوبراویان داوەتەوە بە بنەماڵەکەی.
شایانی باسە هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی ئیسلامی ئێران دوای ئەوەی تەرمی "رەحمان ئەحمەدیان" داوەتەوە بە بنەماڵەکەی، هەڕەشەیان لێ کردوون کە نابێ مەرگی کوڕەکەیان ئاشکرا بکەن و نابی لەگەڵ هیچ راگەیەندنێکیش وتووێژ بکەن. سەرچاوەکانی ئاگادار باسی ئەوە دەکەن ئاسەواری ئەشکەنجە و ئازار بە لەشی ئەم شارۆمەندە کوردەوە دیار بووە. ناوبراو رۆژی سێشەممە ٢٢ی پووشپەڕی ١٤٠٠ (١٣ی ژولای ٢٠٢١)، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی حکومەتەوە دەستبەسەر کرابوو.
بەپێی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ کە حکومەتی ئێران بە هۆی واژۆ کردنی ئەرکی سەرشانێتی لە یاساکانیدا بیگونجێنێ و ڕەچاوی بکات، مەرگی رەحمان ئەحمەدیان پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە.
بەندی ٥- هیچ کەس نابێ ئەشکەنجە بدرێ یان بکەوێتە بەر کردەوە و رەفتار و سزای زۆردارانە و دژی ئینسانی و سووکایەتی پێ بکرێ.
بەندی ١٠ هەر کەسێک مافی ئەوەی هەیە لەوپەڕی بەرابەریدا لەگەڵ کەسانی دیکەدا لە دادگایەکی سەربەخۆ، بێ لایەن، دادپەروەر و ئاشکرادا بە کیشە و سکاڵاکەی رابگەن و دەبێ دادگایەکی لەم جۆرە لە بارەی ماف و پێویستییەکانی ئەو یا هەر تاوانێک کە دراوەتە پاڵی یان پێی تاوانبارە، بڕیار بدا.
بەندی ١١- هەر کەسێک هەر تاوانێکی درابێتە پاڵ یا پێی تاوانبار کرابێ، تا لەلایەن دادگایەکی ئاشکرا و بێ لایەنەوە کە هەموو مافەکانی بەرگری لە خۆی پارێزراو بێ، تاوانەکەی دەرنەکەوتبێ، بە بێ تاوان دەژمیردرێ.
بەندی ١٢- بەزاندن و خۆتێهەڵقوتاندنی سەرەڕۆیانە لە هەرێمی ژیانی تایبەتی، بنەماڵە، نامە و پێوەندییەکان، ماڵ و شوێنی ژیانی هەر مرۆڤێکدا قەدەغە و مەحکوومە. هەر بەم پێیە کەڕامەت و شەڕافەت و ئابڕووی هیچ کەس نابێ بکەوێتە بەر دەستدرێژی و سووکایەتی. لە بەرامبەر ئەم جۆرە خۆتێهەڵقتاندن و هێرشانەدا هەر مرۆڤێک مافی خۆیەتی لەلایەن یاسا و ناوەندە قەزاییەکانەوە پشتیوانی لێ بکرێ.
